قوباد تاڵەبانی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی بەسەرکردەوە
بەڕێز قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی سەر بە مەڵبەندی دیراساتی گشتی بەسەر کردەوە و لەلایەن دکتۆر یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، دکتۆر مۆفەق خالد لێپرسراوی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران و دکتۆر ئومێد رەفیق لێپرسراوی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و مامۆستا و خوێندکارانی ئەکادیمیا پێشوازی لێکرا.
لە وتەیەکدا دکتۆر یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، بەخێرهاتنی بەڕێز قوباد تاڵەبانی کرد، کە پشتیوان و هاوکار بووە لە کردنەوەی ئەکادیمیای کادیران.
پاشان لە وتەیەکدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی ئەکادیمیای پەرەوەردە و پەرەپێدانی کادیران دەربڕی و رایگەیاند: ئێمە دەمێکە لە پەروەردەکردنی کادیرانی خۆمان و بەتایبەت کادیرانی گەنجی وەک ئێوە دابڕواین، بەڵام خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەبینم دووبارە بە باشترین شێوە پەروەردە دەکرێن و بۆ کاری حزبی و بوارەکانی تر ئامادە دەکرێن.
راشیگەیاند: چاومان لە ئێوەیە ببنە پردی پەیوەندیی نێوان نەوەی رابردوو و ئێستای حزبەکەمان و زۆر کێشە و تەحەدای هەیە، کە دەبێت چارەسەری بکەن. چونکە ئەوەی ئێوە لێرە فێری دەبن، دەستپێکێکە بۆ قۆناغی داهاتوو.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، کە دەبێ هەمیشە مەعنەویاتان بەرزبێت و من گەشتبینم بە داهاتووتان، چونکە ئێوە دەبن بە ئەستێرەی نوێی حزبەکەمان، بۆیە ئێوە دەتوانن لەناو ئۆرگانەکاندا رۆڵی گرنگ و کارا بگێڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر بەشێوەیەکی سەردەمیانە ئەکادیمیای کادیران دەکەینەوە، چونکە لە هەولێر و بادینان و دەوروبەریدا پێویستمان بە کادیری نەوعی زیاتر دەبێت.
پاشان لەلایەن خوێندکارانی ئەکادیمیاوە چەند پرسیارێک ئاڕاستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی کران و بە وردی وەڵامی دانەوە.








