773637509 122246080922160066 1273527225119745885 n

لە مەڵبەندی دیراسات، سیمینارێك لەبارەی (ڕۆڵی ژیریی دەستكرد لە نووسینی توێژینەوە)دا بەڕێوە چوو.

12-08-2026

لە مەڵبەندی دیراسات، سیمینارێك لەبارەی (ڕۆڵی ژیریی دەستكرد لە نووسینی توێژینەوە)دا بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ، چوارشەممە، 12/8/2026، لە درێژەی زنجیرە سیمینارەكانی “ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی”ی مەڵبەندی دیراساتی گشتی (ی.ن.ك)، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د. یوسف گۆران) لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات و (د. ئومێد ڕەفیق) لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و (د. مۆفەق خالید) یاریدەدەری لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات بۆ كاروباری زانستی و ئەكادیمی، میوانداریی بەڕێز (د. هەڵگورد سەرهەنگ) مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ژیری دەستكرد كرا، بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك لەبارەی (ڕۆڵی ژیریی دەستكرد لە نووسینی توێژینەوە)دا.
لە بەشێكی سیمینارەكەدا، كە بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، بەڕێز (د. هەڵگورد) بە وردی تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی مێژووی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد (AI). پاشان، باسی لە گرنگی و كاریگەرییەكانی ژیریی دەستكرد لە ژیانی ڕۆژانەماندا كرد، بەجۆرێك لەم ڕۆژگارەدا تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕۆچووەتە ناو دامودەزگا و دامەزراوە هەمەجۆرەكانەوە لە هەموو بوارەكانی كارگێڕی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و زانستی و،،، تادوایی.
لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا، بەڕێزیان بە شێوەیەكی تیۆری و پراكتیكی، چۆنیەتی مامەڵەكردن و گەڕانی دروست لەنێو ئامرازەكانی ژیریی دەستكرد و شێوازی دروستكردنی فۆڕمی ڕاپرسی ڕوون كردەوە.
لە درێژەی سیمینارەكەشدا، دەرگا بۆ گفتوگۆ و پرسیار و سەرنجی توێژەران و ئەكادیمیستانی بەشداربوو كراوە بوو، كە لەلایەن پێشكەشكاری سیمینارەكەوە وەڵامی پێویست دەدرانەوە، و بەم شێوەیەش كۆتایی بە چالاكییەكانی ڕۆژی یەكەمی سیمینارەكە هێنرا.
بینراو:
بینینەکان: 6