مەڵبەندی دیراسات سیمینارێكی لەبارەی (مەترسی تەعریب لە كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)ـەوە ئەنجام دا
05-08-2026
مەڵبەندی دیراسات سیمینارێكی لەبارەی (مەترسی تەعریب لە كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان)ـەوە ئەنجام دا.
ئەمڕۆ، چوارشەممە، 5/8/2026، لە درێژەی زنجیرە سیمینارەكانی “ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی”ی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د. یوسف گۆران) لێپرسراوی مەڵبەندی دیراسات و (سەركەوت زەكی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دەستەیەك لە ڕۆشنبیران و ئەكادیمیستان و سەركردە و لێپرسراوان، میوانداریی بەڕێز (فەهمی بورهان)، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرا بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك بە ناونیشانی (كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان: مەترسی تەعریبی نوێ).
لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، بەڕێز (فەهمی بورهان) بە وردی باسی لە قۆناغەكانی مێژووی تەعریب و پاكتاوی ڕەگەزی كورد كرد بە درێژایی مێژووی نوێی عێراق تاكو ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار لە 2003. پاشان، باسی لەو میكانیزم و شێواز و سیاسەتە تازەیەی پڕۆسەی پاكتاوی ڕەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردنشینەكان كرد، بەتایبەت لەم دەیەی كۆتاییدا. لە میانەی وتەكانیدا، بەڕێزیان داوای لە سەركردایەتی سیاسی كورد و هەموو كوردستانیان كرد، ئەم مەترسییە بۆ سەر ناسنامە و خاك و نیشتمانی كوردان بە جدی وەربگرن. هەروەها، هۆشداری دا ئەگەر ئەم بابەتە وەك پرسێكی نیشتمانیی ستراتیجی بە هەند وەرنەگیرێت ئەوا خاك و جوگرافیای كوردستان و ناسنامەی كورد لە ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان و تەنانەت لە هەرێمی كوردستانیش زیانی گەورەی بەردەكەوێت.
لە بەشی دووەم و كۆتاییدا، بەشداربووان و ئامادەبووانی سیمینارەكە، بە تێروتەسەلی بۆچوون و دیدگای خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕی و هەمووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی: یەكەم، ئەم پرسە پێویستی بە چەندین كۆڕ و سیمینار و مێزگرد و كۆدووان هەیە. دووەم، ئەركی هەموو حزبە كوردستانییەكانە بە یەكڕیزی و كۆدەنگی ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببنەوە. سێیەم، ڕای گشتی كورد لەم بارەیەوە هۆشیار بكرێتەوە تاكو لە ڕووبەڕی گشتیدا گوشاری بەرفراوانی مەدەنییانە لەسەر ئەو كەس و لایەن و دەزگایانە بكەن كە لەم پڕۆسەیەدا بەشدارن. چوارەم، هەوڵی هەمەجۆری كولتووری و زانستی و پەروەردەیی بدرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و فەرهەنگی كوردیی. پێنجەم، حزب و هێز و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق وەك یەك تیم و بە یەكڕیزی و بە پشت بەستن بە دەستووری عێراقی فیدڕاڵ و ماددەی 140 كار بكەن بۆ ڕێگریكردن لە داگیركاریی خاكی كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان و پاكتاوی ڕەگەزیی كورد.
بینراو:
بینینەکان: 1















