مەڵبەندی دیراساتی گشتی سیمینارێكی بۆ بەڕێز (عومەر شێخ موس) سازكرد.
19-06-2026
مەڵبەندی دیراساتی گشتی سیمینارێكی بۆ بەڕێز (عومەر شێخ موس) سازكرد.
لە درێژەی زنجیرە سمینارەكانی “ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی” مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 11/6/2026، میوانداری بەڕێز (عومەر شێخ موس) ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەكادیمیست و مامۆستای زانكۆ كرا بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك لەبارەی ”كورد لە گۆڕانكارییەكانی سیستەمی جیهانیدا”.
لە سیمینارەكەدا، كە بەڕێزان (د. یوسف گۆران) لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و (د. ئومێد ڕەفیق) لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و (د. مۆفەق خالید) یاریدەدەری لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەك لە توێژەران و ئەكادیمیستان ئامادەی بوون، بەڕێز (عومەر شێخ موس) باسی لەوە كرد: لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی نیمچە-بەرەی نەتەوەیی و نیشتمانیی و سەرەتای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، دیدگا و سیاسەت و خەباتی حزبەكە هاوتەریب بوو بە خوێندنەوەی هاوكێشەكانی سیستەمی ئەوكاتی جیهانی و بەردەوامیش لە گفتوگۆی فكریدا بوو بۆ خۆگونجاندن و سوودوەرگرتن لەو ئایدۆلۆجیا و بیروباوەڕە سیاسییانەی لەو سەردەمەدا برەویان هەبوو.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، بەڕێزیان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: لەم سەردەمەدا بەرەو گۆڕانكاریی لە سیستەمی نوێی جیهانی دەڕۆین، ڕۆڵ و كاریگەری و پێناسەی زلهێزانی جیهانی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، و جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت. لەم نێوانەدا، پێویستە ئێمەی كورد دیراسە و چاودێری بەردەوامی زلهێزانی ناوچەكە و جیهان بكەین بە خوێندنەوەی تازە بۆ ڕۆڵ و كاریگەرییان. هەروەها، وتی: باشترە پەیوەندییمان لەگەڵ هەموو زلهێزاندا پتەو بكەین، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان و قۆستنەوەی دەرفەتەكان و دوورخستنەوەی مەترسییەكان، و دواجار لەپێناوی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی كۆمەڵگەكەمان.
لە كۆتاییشدا، دوای گفتوگۆكردنی سەرنج و پرسیارەكانی بەشداربووان، كۆتایی بە سیمینارەكە هێنرا.
بینراو:
بینینەکان: 2






