بڕوانامەی دبلۆمی کاری حزبی بە (١٠١) کادیر بەخشرا
21-05-2026
بڕوانامەی دبلۆمی کاری حزبی بە (١٠١) کادیر بەخشرا
لە مەراسیمێکی شایستەدا ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی سەر بە مەڵبەندی دیراساتی گشتی بڕوانامەی دبلۆمی کاری حزبی بە (١٠١) کادیر بەخشی.
بە ئامادەبوونی هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەڕێزان د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، پەلەمانتارانی لیستی سەوز، لێپرسراوی بۆرد و مەڵبەند و سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکاران، لە هۆلی شەهید شیهاب لە قوڵاچوالان مەراسیمی پێدانی بڕوانامەی دبلۆمی کاری حزبی بە (١٠١) خوێندکاری ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی سەر بە مەڵبەندی دیراساتی گشتی سازکرا.
لە وتەیەکدا، بەڕێز د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی سەربارەت بە ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران وتی: بە پشتیوانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیمان بۆ یەکەم جار لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا خولێکی (٩) مانگی بۆ کادیرانمان لە کچان و ژنان و گەنجان بکەینەوە.
هەروەها وتی: ماوەیەکی زۆرە کە خولی پەروەردەکردنی کادیران لەناو یەکتێیدا لە ئاستی پێویستدا نەبووە، بەڵام بە پشتیوانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیمان لەڕێی کردنەوەی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران لە مەڵبەندی دیراساتی گشتی، جارێکی تر و بەپێی پێداویستییەکانی سەردەمی ئەمڕۆی کاری حزبی و رێکخراوەیی بەشێوەیەکی زانستی و پڕۆفیشناڵانە ماوەی (٩) مانگ کار بۆ پەرەوەردە و پەرەپێدانی (١٠٢) کادیری گەنج و لێهاتوو بکەین، کە دواجار هەموویان لە ئۆرگانە جیا جیاکانی حزبەکەماندا بەرپرسیارێتییان پێدەدرێت.
باسی لەوەشکرد، کە ئەگەر پشتیوانی تەواوی هەڤاڵان لە سەرکردایەتیی یەکێتی بەتایبەت هەڤاڵان(رەفعەت عەبدوڵڵا، قوباد تاڵەبانی، سەرکەوت زەکی و شوان قادر) نەبوایە نەماندەتوانی ئەو ئەرکە قورسە لەماوەیەدا وەک خۆی جێبەجێ بکەین.
دواتر د.مۆفەق خالد لێپرسراوی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران، باسێکی کورتی لەبارەی پڕۆگرامی خوێندنی دبلۆمی کاری حزبی خستەڕوو و یەک بە یەک هەنگاوەکانی پڕۆسەی خوێندنەکەی لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەیان کرد.
لە بڕگەکانی دواتری مەراسیمەکە، بڕوانامەی دبلۆمی کاری حزبی بە خوێندکاران بەخشراو و پاشان رێز لە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایانی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران نرا.
شایانی باسە، لە دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەرکی پەروەردە و پەرەپێدانی کادیران بە مەڵبەندی دیراساتی گشتی سپێردرا و لە هەنگاوێکی نوێشدا ئەکادیمیای پەروردەوە و پەرەپێدانی کادیران کرایەوە و لە قۆناغی یەکەمدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خولی دبلۆمی کاری حزبی بۆ (١٠١) خوێندکار کرایەوە و ماوەی (٩) مانگی خایاند و بڕوانامەکەش لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتیدا وەک بەکالۆریۆس هەژمار دەکرێت.
بینراو:
بینینەکان: 11










