WhatsApp Image 2025 10 30 at 5.29.26 PM

مەڵبەندی دیراساتی گشتی پانێڵێكی لەبارەی ڕۆڵی زیرەكی دەستكرد و ئامار لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ئەنجامدا

30-10-2025

ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، لە درێژەی زنجیرە سیمینارەكانی خۆیدا، پانێڵێكی لەبارەی ڕۆڵی زیرەكی دەستكرد و ئامار لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، ئەنجامدا.

ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 30/10/2025، بە ئامادەبوونی بەڕێز دكتۆر یوسف گۆران، لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و بەڕێز دكتۆر ئومێد ڕەفیق، لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندام و كادیر و ئەكادیمیستانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە چوار سیمیناردا باس لە ڕۆڵ و كاریگەری زیرەكی دەستكرد و داتا و ئامار لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، كرا.
سیمینارەكان لەلایەن مامۆستایانی زانكۆو پسپۆڕی بوارەكەوە پێشكەش كران و تێیدا تیشكیان خستە سەر بەشداری زیرەكی دەستكرد لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆڵی زیرەكی دەستكرد لە پێشبینیكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد لە داڕشتنی پلانی هەڵبژاردن، سوودوەرگرتن لە زیرەكی دەستكرد بۆ كۆكردنەوەی داتای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە وێستگە و بنكەكانی دەنگداندا پێش ڕاگەیاندنی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، لەگەڵ پێشبینیكردنێكی زانستییانە بۆ ئەنجامی دەنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای شیكاركردنی داتاكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق 2023 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2024.
بەگوێرەی ئەو بنەما و پێوەر و شیكارییانەی خرانە ڕوو، ژمارەی كورسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵكشاندایە و ئەمجارەش بە هەمان شێوەی هەردوو هەڵبژاردنەكەی پێشتر، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەتوانێت ژمارەی دەنگەكانی خۆی زیاتر بكات.
سازدانی ئەم پانێڵە لەبارەی پەیوەندی زیرەكی دەستكرد بە هەڵبژاردنەوە لە كاتێكدایە، كە كەمتر لە دوو هەفتەی دیكە و بە دیاریكراوی لە 11/11/2025، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرانسەری عێراقدا بەڕێوەدەچێت. بەمەش، مەڵبەندی دیراساتی گشتی لەپاڵ پرس و بابەتە ستراتیجییەكاندا، بە هەمان ئەندازە بایەخ بە هەموو ئەو پرس و بابەتە هەنووكەییە گرنگانە دەدات، كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە.

بینراو:
بینینەکان: 458