تەکنەلۆژیای درۆن  

2024 Feb 03

تەکنەلۆژیای درۆن

نووسینی: بێن لوتکێڤیچ

وەرگێڕانی: مەڵبەندی دیراساتی گشتی

 

زاراوەی درۆن بەزۆری ئاماژەیە بۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان. هەندێک جار بە درۆنی UAV) ) ناو دەبرێن، ئەم فڕۆکە پیشەسازییانە دەتوانن کۆمەڵێک ئەرکی سەرنجڕاکێش بکەن، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە تا گەیاندنی پاکەت. درۆنەکان دەتوانن قەبارەیان هێندەی فڕۆکەیەکی گەورە بێت یان هێندەی ناو لەپی دەست بچووک بێت.

 

پێناسەی درۆن و جۆرەکانی و درۆن بۆچی بەکار دەهێنرێت؟

پێناسەی درۆن

درۆن چییە؟

درۆنەکان کە هەندێک جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناو دەبرێن (UAV)، ئەرکە ئاساییەکان ئەنجام دەدەن تا ئەرکە زۆر مەترسیدارەکان. ئەم فڕۆکە هاوشێوەی ڕۆبۆتانە دەتوانرێت ببینرێن لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی قوربانییانی بەفربارین و هەروەها لە گەیاندنی خواردن و پێداویستییەکان، بۆ بەردەم ماڵەکان، واتە بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێک بەدی دەکرێن.

 

پێناسەی درۆن: درۆن چییە؟

درۆن ئاماژەیە بۆ هەر فڕۆکەیەکی ئاسمانی، کە فەرمانی دوور لە فڕۆکەوانێک وەربگرێت یان پشت بە ئاماژەی سۆفتوێری دەبەستێت بۆ فڕینی سەربەخۆ. زۆرێک لە درۆنەکان تایبەتمەندی وەک کامێرا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بینراو و پرۆپلەر (پەروانەی فڕۆکە) بۆ جێگیرکردنی شێوازی فڕینەکانیان پیشان دەدەن. کەرتەکانی وەک ڤیدیۆگرافی، گەڕان و فریاگوزاری، کشتوکاڵ و گواستنەوە تەکنەلۆژیای درۆنەکانیان گرتووەتە بەر.

لە بنەڕەتدا بۆ پیشەسازی سەربازی و فڕۆکەوانی پەرەی پێ دراوە، درۆنەکان ڕێگەی خۆیان بۆ ناو ڕەوتی سەرەکی دۆزیوەتەوە، بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سەلامەتییان و کارایی لە بەکارهێنانیان. ئەم درۆنە ڕۆبۆتییانە بەبێ هێچ فڕۆکەوانێک لەناو فڕۆکەکەدا کار دەکەن و ئاستی سەربەخۆیی جیاوازیان هەیە.

ئاستی سەربەخۆیی درۆن دەتوانێت لە فڕۆکەوانێکی دوورەوە دەست پێ بکات (واتە مرۆڤێک جووڵەکانی کۆنترۆڵ دەکات) تا سەربەخۆیی پێشکەوتوو، ئەمەش واتە پشت بە سیستمێکی هەستەوەر و دۆزەرەوەی (LiDAR) دەبەستێت بۆ حیسابی جووڵەکەی.

درۆنە جیاوازەکان توانای فڕینیان بە بەرزی و مەودای جیاواز هەیە. درۆنە مەودا زۆر نزیکەکان بەزۆری توانای گەشتکردنیان هەیە تا سێ میل و زیاتر لە لایەن کەسانێك وەك خولیا بەکار دەهێنرێن. درۆنە نزیکەکان توانایان هەیە  مەودای نزیکەی ٣٠ میل ببڕن. درۆنە مەودا کورتەکان تا نزیکەی ٩٠ میل دەبڕن و بە پلەی یەکەم بۆ سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بەکار دەهێنرێن. درۆنی مەودا ناوەڕاست توانای بڕینی مەودای ٤٠٠ میلیان هەیە و دەتوانرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و توێژینەوەی زانستی و لێکۆڵینەوەی کەشناسی بەکاربهێنرێت. درۆنە دوورمەوداکان پێیان دەوترێت درۆنی “بەرگەگرتن” و توانای ئەوەیان هەیە لە مەودای ٤٠٠ میل تێپەڕن و تا ٣٠٠٠ پێ لە ئاسماندا بەرز ببنەوە.

لەبەر ئەوەی درۆن دەتوانرێت لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و دەتوانرێت لە مەودا و بەرزی جیاوازدا بفڕێنرێت، هەر لەبەر ئەوە ئەوان هەڵبژاردەی بێڕکابەرن بۆ وەرگرتنی هەندێک لە سەختترین کارەکانی جیهان. دەتوانرێت بدۆزرێتەوە کە چۆن هاوکارن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووانی دوای زریانێک، هاوکات بوون بە چاوێک بۆ هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و سەربازی لە کاتی بارودۆخە تیرۆریستییەکان و پێشخستنی توێژینەوەی زانستی، لە هەندێک لە نالەبارترین کەشوهەواکانی سەر هەسارەکە. تەنانەت درۆنەکان ڕێگەی خۆیان کردووەتە بۆ ناو ماڵەکانمان کە بۆ کات بەسەربردن و بۆ ئەو کەسانەی خولیایان هەیە بەکاری دەهێنن و هەروەها وەک ئامڕازێکی گرنگ بۆ فۆتۆگرافەران کار دەکەن.

درۆنەکان چۆن کار دەکەن؟

زۆر لایەن لە پشت پەردەوە بەشدارن بۆ پشتگیریکردن لە کارکردنی باش و بێکێشەی درۆنەکان، بۆیە گرنگە ئاشنا بیت بەو تەکنەلۆژیا بێسەرنشین یان دوورەی، کە سیستمی درۆن پێک دەهێنێت. لە گەیاندنی فەرمانەکانەوە تا دڵنیابوون لە بارێک کە توانای بەڕێوەبردنی یاخود هەڵگرتنی هەبێت، فڕۆکەوانەکان دەبێت ئەو هۆکارە جیاوازانە لە بەرچاو بگرن، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ کارە تایبەتەکان گونجاوە. لەنێو ئەو گۆڕاوە زۆرانەی کە لە پێکهاتەکانیدا هەن، هەندێک لە پێکهاتە هەرە گرنگەکانی درۆنەکان کە دەبێت لە بەرچاو بگیرێن بریتین لە وێستگەی کۆنترۆڵکردنی زەمینی (GCS)، توانای هەڵگرتنی بار و پەیوەندییە داتاییەکان.

 

تەکنەلۆژیای درۆن چییە؟

درۆنەکان پشت بە تێکەڵەیەک لە  هاردوێر و سۆفتوێر دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی بەرزبوونەوە و فڕین و نیشتنەوەیەکی سەرکەوتوو. زۆرجار درۆنەکان بە ڕۆتۆر یان باڵە جێگیرەکان، هەستەوەرەکان، سیستمی ڕێبەری و ژیرۆسکۆپ (بۆ سەقامگیری) تەیار دەکرێن و لە لایەن وێستگەکانی کۆنترۆڵکردنی زەمینییەوە کار دەکەن.

 

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

درۆنەکان بە شێوەیەکی باو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (UAV) ناو دەبرێت، لە کاتێکدا تەواوی ئەو سیستمەی کە ڕێگە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەدات کار بکات،  سیستمی ئاسمانی بێسەرنشینە (UAS). فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دڵی سیستمی درۆنییە و خاوەنی باڵە جێگیرەکانە  یان خاوەنی  تاک یان فرە ڕۆتۆرە، کە دروست کراوە بۆ فڕین. هەروەها درۆنەکان سووکترن لە هەوادا، وەکو بلیمپ و باڵۆن و درۆنی بچووکی “Flapping Wing” کە لە ئێستادا بوونیان هەیە.

 

پێناسەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

ناوێکی دیکەی درۆنەکان بریتییە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  (UAV)، کە فڕۆکەیەکە و پێویستی بە فڕۆکەوان نییە لە ڕووی فیزیکییەوە لەناو فڕۆکەکەدا بێت. زۆرجار فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ دوو بەش دابەش دەبن، ئەویش مەدەنی و سەربازی. لە کاتێکدا درۆنی مەدەنی بۆ گەیاندنی پاکێج و بۆ خۆشی و کات بەسەربردن بەکار دەهێنرێت، بەڵام درۆنی سەربازی بۆ ئەرکی سیخوڕی و کردنی هێرشی هێرشبەری بۆ سەر ئامانجەکانی دوژمن بەکار دەهێنرێت.

وێستگەی کۆنترۆڵکردنی زەمینی  (GCS)

وێستگەی کۆنترۆڵکردنی زەمینی بریتییە لە یەکەی کۆنترۆڵکردنی ناوەندی، کە ڕێگە بە فڕینی درۆن دەدات و هەروەها ڕێگەی دەدات کە وەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش کارەکانی خۆی بکات. ئەم وێستگانە دەتوانن هێندەی گەورەیی مێزێک دەر بکەون بە بوونی چەندین دیمەن لەسەری یان هێندەی کۆنترۆڵکەری دەستی یان تەنانەت وەک ئەپێکی بچووک بن. وێستگەی کۆنترۆڵکردنی زەمینی (GCS) دەتوانرێت لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە بە بەکارهێنەر کۆنتڕۆڵ بکرێت، یان کاری پێ بکرێت و توانای کۆنترۆڵکردنی فڕین و کۆنترۆڵکردنی هەستەوەرەکانی پڕکردنەوە و فەراهەمکردنی خوێندنەوەی دۆخەکە و پلاندانانی ئەرکەکان و بەستنەوەی سیستمی بەستەرە داتاییەکانی هەیە.

 

هەڵگرتنی بار

درۆنەکان، بەتایبەتی درۆن، قەبارەی جۆراوجۆریان هەیە و توانای هەڵگرتنی  باریان بە قەبارەی جیاواز هەیە. ئەم بارە سوودبەخشانە لە دەرمانی ڕزگارکەری ژیانەوە تا پاکێجی شتومەک و زۆر شتی تر دەگرێتەوە، درۆنەکان شێوازێکی کارامەی گەیاندن بەردەست دەخەن، بەڵام پێویستە بەتایبەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە دروست كرابێت. زۆرێک لە درۆنەکان توانای فڕینی خێرایان هەیە بەسەر زەریاکاندا لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێکی تر تەنیا لە چەند هەزار پێیەکدا سنووردار بکرێن. ڕەنگە هەندێک لە درۆنەکان توانای هەڵگرتنی سەدان پاوەندیان هەبێت لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنیا بتوانن لە ژێر دە پاوندەوە هەڵبگرن.  زۆر گرنگە بۆ بەڕێوبەری ئۆپەراسیۆنەکان کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گونجاو هەڵبژێرن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە تەواوکردنی ئەو کارەی کە لە بەردەستیاندایە.

 

لینکی داتاکان

لینکی داتاکان وەک ناوەندێکی گواستنەوە کار دەکەن، کە ڕێگە بە درۆن دەدات پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەری زەمینی ببەستێت لە کاتی فڕیندا. بە شێوەیەکی ئاسایی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای فریکوێنسی ڕادیۆیی بۆ پەیوەندیکردن، بەستەری داتاکان داتای گرنگ وەک مانەوەی لە کاتی فڕین، دووری لە بەکارهێنەرەکە، دووری لە ئامانج، بەرزی خێرایی ئاسمانی و زۆر شتی تر دەدات بە بەکارهێنەر.  کۆنترۆڵی درۆن بە ٢.٤ گێگاهێرتز بۆ کۆنترۆڵ و ٥ گیگاهێرتز بۆ گرتەی ڤیدیۆیی لە دووری نزیکەی چوار میل بۆ بەکارهێنەرەکە دابین دەکات، لە کاتێکدا فرێکوێنسی ٩٠٠  مێگاهێرتز بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕین و١.٣ گیگاهێرتز بۆ کۆنترۆڵکردنی گرتەی ڤیدیۆیی بۆ دووری زیاتر لە ٢٠ میل بۆ بەکارهێنەرەکە دابین دەکات، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکان کە پێویستی بە زیادکردنە بۆ لیستی هۆکارەکان کە بۆچی فڕۆکەوانەکان دەبێت سیستمێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گونجاو (UAS) بەکار بهێنن بۆ ئەو ئەرکەی کە مەبەستیانە بەدەستی بهێنن.

 

درۆنەکان چۆن دەفڕن؟

درۆنەکان پشت بە کۆمەڵێک بەش دەبەستن کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەرکەکان لە ژێر گۆڕانی بارودۆخدا تەواو بکەن. لە کاتێکدا کە ژیرۆسکۆپ و توانای بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی ڕاست (VTOL) کۆنتڕۆڵکردنی درۆن لە دوورەوە ئاسانتر دەکات، بە هۆی تەکنەلۆژیای GPS و LiDAR درۆنەکان  هەستێکی بەهێزی ئاڕاستەکردنیان دەبێت. هەموو ئەم پارچانە پێویستە بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی کارا، کە توانای سکانکردنی دەوروبەرەکەی هەبێت لە کاتێکدا کە بەرگەی کۆمەڵێک ژینگە بگرێت.

 

ڤیتۆل درۆنەکان

زۆرێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە بە شێوەیەکی گشتی درۆنی فرەڕۆتۆرن، کە بەگشتی بە درۆنی هەڵفڕین و نیشتنەوەی ڕاست (VTOL) دادەنرێت بە هۆی توانای هەڵفڕین و فڕین و نیشتنەوەیان لە شوێنی ڕاستدا.

 

سیستمی مانگی دەستکردی ڕێبەری جیهانی بۆ درۆنەکان (GNSS) 

سیستمی مانگی دەستکردی ڕێبەری جیهانی دووانەیی (GNSS) لە چەندین جۆری درۆندا دەدۆزرێتەوە وەک درۆنی GPS و GLONASS کە توانای کارکردنیان هەیە بە هەردوو شێوازی ناسەتەلایتی و سەتەلایتی، کە پەیوەندییەکی بەرزتر لە کاتی کارکردندا دابین دەکات.

سیستمی مانگی دەستکردی ڕێبەری جیهانی (GNSS) ڕێگە بە تەکنەلۆژیای سەلامەتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەکی دەدات، کە لەسەر درۆن کار بکات و دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکەری دووری وێستگەی زەمینییەوە چالاک بکرێت. ئەمەش ڕێگە بە فڕۆکەوانەکان دەدات، کە بزانن ئایا مانگی دەستکردی GNSS ی درۆنەکە تەواو لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی درۆنەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بفڕێت، شوێنی ئێستای درۆنەکە بە بەراورد بە فڕۆکەوانەکە و “خاڵی سەرەتا” بۆ گەڕانەوەی درۆنەکە بۆی. جگە لەوەی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکەرەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆ گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا و دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چالاک بکرێت کاتێک پاترییەکەی کەم دەبێتەوە یان کاتێک بەرکەوتن لەنێوان درۆنەکە و کۆنترۆڵکەرەکەدا ڕوو دەدات.

 

ژیرۆسکۆپەکان لە درۆنەکاندا

ژیرۆسکۆپ لە چەرخێک پێک دێت، کە دەتوانێت بە هەر ئاڕاستەیەکدا لەسەر بنکەکەی بخولێتەوە و لە درۆنەکاندا بەکار دێت، بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی سووڕانەوە. لەبەر ئەوەی ژیرۆسکۆپ سەرنجی لەسەر مەیلکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەبێت، بۆ دابینکردنی سەقامگیری بۆیە دەبێتە شتێکی بنەڕەتی لە درۆنەکاندا.  بەم شێوەیە درۆنەکان دەتوانن ئاڕاستەی خۆیان بپارێزن و ئەزموونێکی فڕینی نەرمونیان پێشکەش بکەن.

 

جۆرەکانی درۆن

 

جۆرەکانی درۆن: تایبەتمەندی و جیاوازییان

درۆنەکان چەندین جۆری جیاوازیان هەیە، هەریەکەیان بە پێی داواکارییە ناوازەکانی پیشەسازییە جیاوازەکان دروست کراون. بۆ نموونە هەندێک کەس پێویستیان بە درۆنێکی سووک و بچووک هەیە بۆ ئەوەی کامێرایەکی بۆ وێنەگرتن لەسەر جێگیر بکەن، هەندێکی تر پێویستیان بە درۆنێکی بەهێز هەیە بۆ گواستنەوەی پێداویستییە پزیشکییە قورسەکان. لە ئەنجامدا کۆمپانیاکان درۆن بەرهەم دەهێنن کە چوار جۆری سەرەکییان هەیە – هێلیکۆپتەری تاکڕۆتۆر، فرەڕۆتۆر، باڵە جێگیرەکان و درۆنی  VTOLی هایبریدی بە باڵە جێگیرەکان.

 

٤ جۆری باوی درۆنەکان

 

درۆنی هەلیکۆپتەرە تاکڕۆتۆرەکان

درۆنە فرەڕۆتۆرەکان

درۆنە باڵجێگیرەکان

درۆنی  VTOLی هایبریدی بە باڵە جێگیرەکان

 

 

 

درۆنی هەلیکۆپتەرە تاکڕۆتۆرەکان

کۆپتەرە تاکڕۆتۆرەکان لە کۆپتەرە بچووکەکان دەچن و دەتوانن بە گاز یان کارەبا کار بکەن. بە هۆی تاکە تیغەکەی و بە هۆی توانای کارکردنی بە گاز یارمەتی سەقامگیری و فڕینی بۆ مەودایەکی دوورتر دەدات. ئەم درۆنانە بەزۆری بۆ گواستنەوەی تەنی قورس بەکار دەهێنرێن، لەنێویاندا سیستمی LiDAR هەیە، کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ ڕووپێوی زەوی و لێکۆڵینەوە لە زریانەکان و نەخشەی داچوونی زەوی کە بە هۆی گەرمبوونی جیهانەوە دروست دەبێت.

 

سوودەکانی

توانای بەرگەگرتنی درۆنە تاکڕۆتۆرەکان وایان لێ دەکات ببنە هەڵبژاردەیەکی باش و بەناوبانگ، بەتایبەتی کاتێک بە بزوێنەری گاز کار دەکات. تاکە پەروانە گەورەکەی وای کردووە کە درۆنەکان زۆر کاراتر بکات لە کاتی فڕیندا، ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات کە لە درۆنە فرەڕۆتۆرەکان باشتر بن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە فڕۆکەوانەکان پشت بە درۆنی تاکڕۆتۆر دەبەستن بۆ هەڵگرتنی کێشی زیاتر.

 

زیانەکانی

مەشق و ڕاهێنانی بەرفراوان بۆ فڕۆکەوانی درۆنی هێلیکۆپتەری تاکڕۆتۆر پێویستە، کە بەهۆی تیغە گەورەکانیانەوە دەبێتە هۆی برینداربوونی سەخت. کڕیاران دەتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن، کە ئەم درۆنانە لە بازاڕدا نرخیان گرانتر بێت بە بەراورد بە درۆنەکانی تر بە هۆی ئەو ئەزموونەی کە پێویستە فڕۆکەوانان پێیدا تێپەڕن بۆ سەرپەرشتیکردن و بەکارهێنانیان.

 

درۆنە فرەڕۆتۆرەکان

درۆنی فرە ڕۆتۆر بەزۆری یەکێکە  لە بچووکترین و سووکترین درۆنەکان لە بازاڕدا. مەودا و خێرایی و بەرزییان سنووردارە، بەڵام ئەم درۆنە فڕینێکی تەواو بۆ ئارەزوومەندان و فۆتۆگرافەرانی ئاسمانی دروست دەکەن. ئەم درۆنانە بەزۆری دەتوانن ٢٠-٣٠ خولەک لە ئاسماندا بمێننەوە و بارێکی  سووکیش هەڵبگرن، وەک کامێرا.

 

سوودەکانی

ڕەنگە درۆنە فرەڕۆتۆرەکان ئاسانترین درۆن بن بۆ بەدەستهێنان، کە لە بەردەستی خەڵکدا بن، بەو پێیەی کۆنتڕۆڵکردن و مانۆڕکردنیان لە کاتی فڕیندا ئاسانە. هەندێک لە درۆنە فرەڕۆتۆرەکان باشترینن بۆ فڕۆکەوانە سەرەتاییەکانیش، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببنە بژاردەیەکی گونجاو لە بازاڕی درۆنەکاندا.

 

زیانەکانی

درۆنە فرەڕۆتۆرەکان بەتەواوی توانای بەرگەگرتن و هەڵگرتنی باریان نییە وەک کە لە درۆنی کۆپتەرە تاکڕۆتۆرەکاندا دەبینرێت. فڕۆکەوانێک بەختێکی باشی دەبێت ئەگەر درۆنێکی فرەڕۆتۆر بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ خولەک لە ئاسماندا بهێڵێتەوە. لەکاتێکدا کە ئەم درۆنانە ئاسانترن بۆ فڕین، بەڵام لە بارودۆخی بادا ناجێگیر دەبن و ناتوانن زۆر لە کۆنترۆڵکەرەکەیان دوور بکەونەوە.

 

درۆنە باڵجێگیرەکان

درۆنە باڵجێگیرەکان لە فڕۆکەی ئاسایی دەچن، کە باڵەکانیان لە بری ڕۆتۆرەکان بەرزکەرەوە دابین دەکەن، کە ئەمەش وایان لێ دەکات زۆر کارا بن. ئەم درۆنانە بەزۆری لە بری کارەبا سووتەمەنی بەکار دەهێنن، ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات بۆ ماوەی زیاتر لە ١٦ کاتژمێر لە هەوادا بفڕن. بەو پێیەی ئەم درۆنانە زۆر گەورەترن و بەهۆی دیزاینەکەیانەوە، پێویستە لەسەر ڕێڕەوی فڕین هەڵبفڕن و بنیشنەوە هەروەک چۆن فڕۆکەکان دەیکەن. درۆنی باڵجێگیر لە لایەنی سەربازییەوە بۆ ‌هێرش و لێدان بەکار دەهێنرێت، لە لایەن زانایانەوە بۆ هەڵگرتنی بڕێکی زۆر ئامێر و تەنانەت لە لایەن ڕێکخراوە قازانج نەویستەکانەوە بۆ گەیاندنی خۆراک و کاڵای دیکە بۆ ئەو ناوچانەی کە گەیشتن پێیان قورسە بەکار دێت.

 

سوودەکانی

درۆنە باڵجێگیرەکان بەهێزن و دەتوانن مەودای دوورتر ببڕن و شتگەلێکی قورستر لە درۆنەکانی دیکە هەڵبگرن. هەروەها چوارچێوەی بەهێزیان وایان لێ دەکات بەرگەی بارودۆخی بای بەهێز بگرن، بەجێگیری دەمێننەوە لە هەمان کاتدا خێرایی خۆیان لە گەشتێکی خێرادا دەپارێزن.

 

زیانەکانی

لەبەر ئەوەی درۆنە باڵجێگیرەکان ناتوانن هەڵبفڕن و دەبێت لە هەموو کاتێکدا بەرەو پێشەوە بچن، نیشتنەوەیان زۆر قورسترە لە درۆنەکانی تر.  پێویستیان بە شوێنی بەرفراوانترە بۆ هەڵفڕین و نیشتنەوە، هەروەک چۆن فڕۆکە ئاساییەکان دەیکەن. لە ئەنجامدا درۆنە باڵجێگیرەکان پێویستیان بە ڕاهێنانی بەرفراوان هەیە و لە کۆتایدا لە بەرزترین پۆلێنی نرخەکاندا دەبینرێن.

 

درۆنی  VTOLی هایبریدی بە باڵە جێگیرەکان

درۆنی  VTOLی باڵە جێگیرەکان تێکەڵەیەکە لە درۆنە باڵجێگیرەکان و درۆنی بنچینە ڕۆتۆر، کە تایبەتمەندیی ڕۆتۆرەکانیان هەیە کە بە باڵەکانەوە بەستراوەتەوە.  بە هۆی شێوازە تێکەڵاوییەکەیەوە، ئەم تەکنەلۆژیایە بەرگەگرتنی دیزاینێکی باڵە جێگیر و تواناکانی فڕینی ڕاست لە دیزاینێکی ڕۆتۆردا پێشکەش بە بەکارهێنەران دەکات.  کۆمپانیاکان سوود لەم پێکهاتەیە وەر دەگرن، پشت بە درۆنی VTOLی تێکەڵاوی باڵ جێگیر دەبەستن بۆ زیاتر کەمکردنەوەی کاتی گەیاندن لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی فڕینی گشتگیرتر پێشکەش دەکەن.

 

سوودەکانی

درۆنەکانی VTOL ی باڵە جێگیرەکان توانای تەواو و  پێویستیان هەیە بۆ گەشتکردن بۆ مەودای دوور، تەنانەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ باری قورستریشدا. هەروەها توانای فڕینی ڕاستیان هەیە، کە ئۆفەری گشتگیری زیاتر پێشکەش دەکەن لە چاو درۆنە باڵجێگیرەکاندا.

 

زیانەکانی

درۆنەکانی  VTOL ی باڵە جێگیرەکان لە هەموو پیشەکاندا کار دەکەن و زۆر ئەرک دەکەن لە کاتێکدا پسپۆڕ نین لە هیچ بوارێکدا. بە واتایەکی تر دەتوانن بفڕن بۆ پێشەوە و بنیشنەوە، بەڵام لە هیچ کام لەم دووانەدا باش نین.  هەروەها فڕۆکەوانەکان پێویستیان بە ڕاهێنان هەیە بۆ فڕینی ئەم درۆنانە و دەبێت ئامادە بن پارەی زیاتریان پێ بدەن. ئەم تەکنەلۆژیایە نوێیە و هێشتا لە گەشەکردندایە، بۆیە دەکرێت کەموکوڕیی زیاتر سەر هەڵبدات لەگەڵ بەردەوامبوونی پیشەسازییەکە لە تاقیکردنەوەی درۆنی  VTOLی تێکەڵاوی باڵجێگیر.

 

درۆن بۆچی بەکار دێت؟

درۆنەکان زیاتر بۆ مەبەستی سەربازی و خۆشی وەرگرتن بەکار دەهێنرێن. لەڕاستیدا دەتوانرێت درۆنەکان ببینرێن کە کارایی و سەلامەتی هەموو پیشەسازییەک بەرەو باشتر دەبەن، لە پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکانەوە تا گەیاندنی پێداویستی پزیشکی.

بەکارهێنانی درۆنەکان

 

درۆنە سەربازییەکان

درۆنەکان بۆ گەیاندن

درۆنەکان بۆ تیمەکانی فریاگوزاری

درۆنەکان لە کشتوکاڵدا

درۆنەکان لە بۆشایی ئاسمان

درۆنەکان بۆ ئاژەڵە کێوییەکان و پاراستنی مێژوویی

درۆنەکان لە بواری پزیشکیدا

درۆنەکان بۆ وێنەگرتن

 

 

بەکارهێنانی درۆنەکان

 

درۆنە سەربازییەکان

ڕەنگە کۆنترین و ناسراوترین و مشتومڕدارترین بەکارهێنانی درۆن لە بواری سەربازیدا بێت. سوپای بەریتانیا و ئەمریکا لە سەرەتای چلەکاندا دەستیان کرد بە بەکارهێنانی فۆڕمی زۆر سەرەتایی درۆن بۆ سیخوڕیکردن بەسەر زلهێزەکانی میحوەرەکاندا.  درۆنەکانی ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتووترن لە درۆنەکانی دوێنێ، کە وێنەی گەرمی و مەودای دۆزینەوەی لەیزەری و تەنانەت ئامڕازی کردنی هێرشی ئاسمانییان تێدایە. یەکێک لە دیارترین درۆنە سەربازییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دەهێنرێت، درۆنی (MQ-9 Reaper)ە. درێژیی فڕۆکەکە -٣٦- پێ و توانای فڕینی بە بەرزی -٥٠- هەزار پێی لە ئاسماندا هەیە بە بێ ئەوەی کەشف بکرێت و کە تێکەڵەیەکی لە مووشەک و کەرەستەی کۆکردنەوەی هەواڵگریی تێدایە.

 

درۆنەکان بۆ گەیاندن

درۆنی گەیاندن بە شێوەیەکی گشتی درۆنی سەربەخۆن، کە بەکار دەهێنرێن بۆ گواستنەوەی خۆراک، پاکەت یان کاڵا بۆ بەردەم ماڵەکەت. ئەم فڕۆکە فڕیوانە بە درۆنی گەیاندنی “دوا میل” ناسراون، چونکە بەکار دەهێنرێن بۆ گەیاندن لە فرۆشگاکان یان کۆگاکانی نزیک لە شوێنی مەبەست. فرۆشیارانی تاکەکەسی و زنجیرەکانی بەقاڵی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕوو لە درۆن دەکەن، وەک بەدیلێکی گەیاندنی کاراتر، لەبری ئەوەی پشت بە شۆفێرانی گەیاندن ببەستن کە بارهەڵگری ناکارامەیان هەیە.  ئەم درۆنانە دەتوانن -٥٥-  کیلۆ کاڵا بگوازنەوە بۆ بەردەم ماڵەکەت بەبێ ئەوەی هەرگیز پێویستت بە دەرچوون بێت لە ماڵەوە.  ئەمازۆن، وۆڵمارت، گووگڵ، فێدێکس، یو پی ئێس و چەندین براندی گەورەی دیکە هەموویان وەشانی جیاوازی درۆنی گەیاندن تاقی دەکەنەوە.

 

درۆن بۆ تیمەکانی فریاگوزاری

هەندێک جار ئەوەندە کارێکی سەلامەت نییە، کە مرۆڤەکان بنێردرێن بۆ حاڵەتی ڕزگارکردن، بە هۆی دووری یان توندی کارەساتەکانەوە. لێرەدا درۆنەکان دێنە ئاراوە. لە حاڵەتی وەرگەڕانی بەلەمێک یان لە کاتێکدا کە کەسێک دەخنکێت، بەرپرسان دەتوانن درۆنی ژێر ئاوی ئۆتۆنۆم AUV)) فڕێ بدەنە ناو ئاوەکە بۆ ئەوەی هاوکاری ڕزگارکردنەکە بکەن. ئەگەر بەفر ببارێت، درۆنەکان جێگیر دەکرێن بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کە لە بەفردا گیریان خواردووە. تەنانەت کۆمپانیای دروستکەری فڕۆکە (کامان) هێلیکۆپتەرێکی بێفڕۆکەوانی دروست کردووە کە ناوی K-MAX ە، کە دیزاین کراوە بۆ هەڵگرتنی زیاتر لە ٦ هەزار پاوند بار. K-MAX پێشتر لە چین و ئوسترالیا بەکار هێنراوە بۆ هاوکاریکردن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان.

 

درۆنەکان لە کشتوکاڵدا

درۆنەکان سەلماندوویانە، کە سوودیان بۆ پیشەسازیی کشتوکاڵیش هەیە، چەندین ڕێگەیان پێشکەش بە جووتیاران کردووە بۆ باشترکردنی کێڵگەکانیان بۆ ئەوەی زۆرترین کارایی لە کێڵکەگاندا ببینرێت و بۆ زیاتر کەمکردنەوەی فشاری جەستەیی. کردنی ڕووپێوی مەیدانی، تۆوکردن بەسەر کێڵگەکاندا، بەدواداچوونی ئاژەڵ و خەمڵاندنی بەروبوومەکان و هەموو ئەمانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی درۆنەکانەوە ئاسانتر دەکرێن لە هەمان کاتدا کاتێکی زۆر زیاتر بۆ پیشەگەرانی کشتوکاڵ پاشەکەوت دەکات.

 

درۆنەکان لە بۆشایی ئاسمان

ناسا و هێزی ئاسمانی ئەمریکا بەنهێنی فڕۆکە بێسەرنشینەکان تاقی دەکەنەوە، کە بەرەو گەشتە ئاسمانییەکان ئاڕاستە کراون. درۆنی X-37B درۆنێکی زۆر نهێنی هێزی ئاسمانییە کە لە کەشتییەکی بچووکی بۆشایی ئاسمان دەچێت. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەبێدەنگی بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە و ڕیکۆردی  درێژترین فڕینی  تۆمار کردووە بۆ فڕۆکەی بێسەرنشین (کە ماوەی٧٨١ ڕۆژی خایاندووە). هەرچەندە زۆر ناڕوونە، بەڵام هێزی ئاسمانی ڕایگەیاندووە “ئامانجە سەرەکییەکانی فڕۆکەی X-37B دوو لایەنەن: تەکنەلۆژیای کەشتی ئاسمانی دووبارە بەکارهێنەرەوە بۆ داهاتووی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسمان و تاقیکردنەوەکانی کارکردن، کە دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر زەوی و پشکنینیان بۆ بکرێت.” پێدەچێت درۆن کرابێتە یەکەمین بژاردە کاتێک باس لە داهاتووی گەڕان و داهێنانی بۆشایی ئاسمان دەکرێت.

 

درۆنەکان بۆ ئاژەڵە کێوییەکان و پاراستنی مێژوویی

درۆنەکان بەدیلێکی هەرزانتر و کاراترن بۆ پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان. بەدواداچوون بۆ ژماردنی گیانلەبەرە کێوییەکان نزیکە لە مەحاڵەوە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی. هەبوونی چاوێک لە ئاسماندا ڕێگە بە پارێزەرانی گیانلەبەرە کێوییەکان دەدات کە شوێن پێی گرووپە ئاژەڵە گەڕۆکەکان هەڵبگرن، لە ئۆرانگۆتانەکانەوە لە بۆرنێۆ تاوەکوو بایسۆن لە دەشتە گەورەکان، بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی باشتر لە بارەی تەندروستی جۆرەکانیان و ژینگەکانیان بەدەست بهێنن.  هەروەها درۆنەکانی پاراستن ئامڕازێکی تەواو دروست دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ڕاوکردن لە ئاسیا و ئەفریقا.

هەروەها درۆنەکان بۆ هەوڵەکانی چڕ کردنەوەی دارستانەکان لە سەرانسەری جیهان بەکار دەهێنرێت. ئەم درۆنانە زەوی ئەو دارستانانە دەشۆنەوە، کە بە هۆی ئاگرەوە لەناو چوون و دەفری پڕ لە تۆو و پێداویستی و ماددە خۆراکییەکان دەخەنە خوارەوە کە یارمەتی دارەکان دەدات دووبارە بژێنەوە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆنم زەویی دارستانی بڕاوە هەبووە. ئەوەی مرۆڤەکان بە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ کاتیان دەوێت بۆ ئەوەی دارستانەکان بنیات بنێنەوە، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای درۆنەکان بۆ چاندنی تۆو دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاراتر بە کاتێکی کەمتر تەواو بکرێت.

لە کۆتاییدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خەریکە دەبنە ئامڕازێک لە هەوڵەکانی پاراستنی مێژووییدا. درۆنەکان بەکار دەهێنرێن بۆ نەخشەکێشانی سێڕەهەندی شوێنە مێژووییەکانی وەک چێرنۆبڵ و شوێنەوارە کۆنەکانی یۆنانی ئەفسوس و تورکیا و گۆڕستانی جوولەکەکان لە سەرانسەری ئەوروپادا. بینین لە شوێنی بەرزەوە یارمەتی پارێزەرانی مێژوو دەدات لە گەیشتن بە بەڵگەکان سەبارەت بە کولتوور و تەلارسازی دەدات بە پارێزەرانی مێژوویی، لە هەمان کاتدا وێنەی سێڕەهەندی بەکار دەهێنن بۆ دووبارە دروستکردنەوەی شوێنە ونبووەکان.

 

 

 

درۆنەکان لە بواری پزیشکیدا

چۆن پێداویستی پزیشکی بگەیەنین بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچە سەختەکانن و دەستگەیشتن پێیان قورسە؟ چ ئامڕازێک دەتوانیت بەکار بهێنیت بۆ گەیاندنی ئەندامەکانی جەستە بە ئەو نەخۆشانەی چاندنی ئەندامەکانیان بۆ دەکرێت؟ درۆنەکان وەڵامی ئەو دوو پرسیارەن. ئێستا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دەهێنرێت بۆ گەیاندنی پێداویستی پزیشکی فریاگوزاری و بار بۆ کۆمەڵگاکانی دەرەوەی سنوورەکان لە گوندەکانی ئەلاسکا.  لە بری ئەوەی پشت بە سەگ و ئۆتۆمبێلی بەفر یان ئەمبولانس ببەستن، کە بەرگەی بەفر ناگرن، خەڵکی ئەلاسکا پشت بە درۆنەکان دەبەستن بۆ ئەوەی بە خێرایی پێداویستی پزیشکی ڕزگارکەری ژیان وەر بگرن.

هەروەها  درۆنەکان بەکار دەهێنرێت بۆ گەیاندنی ئەندامە بەخشراوەکان بۆ ئەو نەخۆشانەی چاندنی ئەندامەکانی جەستەیان بۆ دەکرێت. هەر لەم دواییانەدا مێژوویەک تۆمار کرا بۆ درۆنەکان بەوەی کاتێک گورچیلەیەک بە درۆنی تایبەت دروستکراو لە نەخۆشخانەیەکی میریلاندەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە لە ماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا گواسترایەوە. ئەمەش دەتوانێت ئەو ڕێژە خاو و مەترسیدارە کەم بکاتەوە کە زۆری بەخشینەکان بەو ڕێژەیە دەگەن (ئەگەر هەر بگاتە دەستیان). بەگشتی ئەندامەکان لە ڕێگەی گەشتە بەکرێگیراوەکان یان بازرگانییەکانەوە دەگەیەنرێن. دواکەوتن و هەڵەکان لە حوکمدان دەبێتە هۆی دواکەوتنی مەترسیدار بۆ ماوەی دوو کاتژمێر یان زیاتر لە سەدا ٤ لە هەموو گەیاندنێکی ئەندامەکان. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن بە شێوەیەکی باش کات بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتدا شێوازێکی سەلامەتتر و پارێزراوتر بۆ گواستنەوەی ئەندامەکان پێشکەش بکەن.

 

درۆنەکان بۆ دروستکردنی شێوەی سێ ڕەهەندی

درۆنەکانی LiDAR هەستەوەری LiDAR یان تێدایە، کە ڕووپێوی دیمەنەکان دەکەن و زانیاریی قووڵ کۆ دەکەنەوە، کە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی شێوەی سێ ڕەهەندی بەکار بهێنرێت. درۆنەکان کە بە هەستەوەری LiDAR دیزاین کراون دەتوانن زانیاری زۆر وردتر پێشکەش بکەن لە چاو درۆنەکانی دیکە کە بەبێ ئەو تەکنەلۆژیایەن. جگە لەوەی  LiDAR ئاسانکاری دەکات بۆ گەشتکردن بە ڕووبەرە جیاوازەکان، LiDAR ئەو توانایانە دەدات بە درۆنەکە کە ئامانجەکان لە ئەرکەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا دەستنیشان بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بکەن لەگەڵ زۆر شتی تر.

 

درۆنەکان بۆ فۆتۆگرافی

درۆنەکان وەک بەخششێک بوون بۆ ئەو فۆتۆگرافەرانەی، کە درۆن بەکار دەهێنن بۆ گرتنی وێنەکانیان لە ئاسمانەوە. تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە، کە دیمەنی چاوی باڵندە بۆ بینینی شار، کەنار دەریا یان بینایەکی دڵخوازت چۆنە؟ درۆن هەیە کە تایبەت بۆ وێنەگرتن دروست کراوە، کە ڕێگەیەکی نوێیە بۆ وێنەگرتنی هەندێک لە شوێنە دڵخوازەکانت لە ئاسمانەوە.

 

ئایا پێویستت بە مۆڵەت هەیە بۆ فڕینی درۆن؟

تا ساڵی ٢٠١٦، ئەو بازرگانییانەی کە تەکنەلۆژیای درۆنەکانیان بەکار دەهێنا، پێویست بوو خاوەنی مۆڵەتی فڕۆکەوانی بن بەبێ گوێدانە پیشەسازییەکەیان. بەڵام ڕێسایەکی نوێی حکومەت هاتووەتە گۆڕەپانەکەوە، کە پێویستە ئەوانەی فڕۆکەوانی درۆنن بۆ مەبەستی بازرگانی، بڕوانامەی فڕۆکەوانی دوور بەدەست بهێنن بە کردنی تاقیکردنەوەی زانیاری فڕۆکەوانی. تاقیکردنەوەکە لە ٦٠ پرسیاری هەڵبژاردن پێک هاتووە، کە بابەتەکانی بریتین لە ڕێساکان بۆ ئیمتیازاتی هەڵسەنگاندنی سیستمی ئاسمانی بێسەرنشین UAS))، سنووردارکردن و کارکردنی فڕین، کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئەدای UAS، ڕێکارەکانی فریاگوزاری، ڕێساکانی فڕۆکەخانە، بڕیاردان، چاککردنەوە و زۆر شتی تر. بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت تاقیکردنەوەکە بکات، پێویستە لانی کەم تەمەنی ١٦ ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و توانای خوێندنەوە و تێگەیشتن و قسەکردن و نووسینی بە زمانی ئینگلیزی هەبێت، هەروەها باری جەستەی و دەروونی ئەوەندە باش بێت، کە بتوانێت درۆن بفڕێنێت.

 

ئاستەنگەکانی درۆن چین؟

درۆنەکان چەندین چارەسەر بۆ ئاستەنگە سەرهەڵداو و درێژخایەنەکان دەخەنە ڕوو لە سەرانسەری پیشەسازییەکاندا. بەڵام زۆرێک نیگەرانی خۆیان دەر بڕیوە سەبارەت بەو کاریگەرییە نەرێنییە ئەگەرییانەی، کە گەشەی ئەم ئامێرانە دەیخاتە ڕوو.

 

درۆن و تایبەتمەندییەکان

لەبەر ئەوەی درۆنەکان پشت بە کامێراکان دەبەستن بۆ کارکردن، کە زۆرجار ڕێگە بە ئیشپێکەرەکان دەدات وێنە بگرن و ڤیدیۆ تۆمار بکەن، زۆرێکیان ناڕازی بوون کە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان وێنەیان گیراوە.  چەندین یاسا هەیە بۆ سنووردارکردنی درۆنەکان لە دەستدرێژیکردنە سەر نهێنی کەسانی دیکە، بەڵام زۆرێک لە بەکارهێنەران ئەوە هەڵدەبژێرن کە ئەم یاسایانە پشتگوێ بخەن.

 

درۆنی بۆشایی ئاسمان

بەو پێیەی درۆنەکان ئاسمانیان داگیر کردووە، زۆربەیان توانای گەیشتنیان بە بەرزاییەکان هەیە کە ڕکابەری فڕۆکەی جێت ئەکەن، نیگەرانییەکان سەبارەت بە درۆنەکان کە کارەسات و بارودۆخی نائاسایی دروست دەکەن یان توندتریان دەکەنەوە، هاتووەتە ئاراوە. زۆرجار دەتوانرێت لە ڕادارەکانی هاتوچۆی ئاسمانیدا بەدواداچوون بۆ درۆنەکان قورس بێت، ئەمەش بەربەستی نوێ دەخاتە بەردەم فڕۆکەوانانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر، بۆ ئەوەی لە کاتی فڕیندا پێیدا تێپەڕن. لە هەندێک حاڵەتدا، بوونی درۆنێک ڕەنگە ڕێگری بکات لە یارمەتیدانی فڕۆکەی فریاگوزاری، نموونەش وەک بەشەکانی ئاگری خۆڕسکی باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا.

 

کەوتنەخوارەوەی درۆن

جا چ لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەموو ئەو فڕۆکانەی کە لە لایەن مرۆڤ بەڕێوە دەبرێن، مەترسییەکی سروشتییان هەیە بۆ کەوتنەخوارەوە – تەنانەت کاتێک کە بێسەرنشینیش بن-. درۆنەکان لە یەک کاتدا بە هێزی پاتری سنووردار کار دەکەن، خاوەنی پەروانەکانن کە بە خێرایی دەسووڕێنەوە، کە یارمەتییان دەدات لە بەرزکردنەوەدا و هەروەها توانای کەوتنەخوارەوەیان لە بەرزاییە زۆرەکانەوە هەیە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر مرۆڤ و ژینگە دروست دەکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی درۆنەکان کە بەکار دەهێنرێن بەرەو سەرەوە.

 

درۆنەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی

لەگەڵ زیاتر بەناوبانگبوونی درۆنەکان لە بەکارهێنانی ڕۆژانە و سەربازیدا، هەر لەبەر ئەمەش دەبنە ئامانجێکی گەورەتر بۆ هێرشە ئەلیکترۆنییەکان. هاککەرەکان دەتوانن زانیاری  بە کۆئۆردینیاتی جی پی ئێسی ساختە بدەن، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی درۆنەکان بکەن، تەنانەت دەتوانن ئەو زانیارییانە وەر بگرن، کە لەنێوان درۆنەکە و کۆنترۆڵکەرەکەی لە مەودایەکی دوورەوە دەگوازرێنەوە. پێویستە خەڵک ڕێوشوێنی خۆپارێزی زیاتر بگرنە بەر بۆ پاراستنی درۆنەکان و ئەو زانیارییانەی کە هەڵیاندەگرن، وەک جێبەجێکردنی سۆفتوێرە دژەڤایرۆسەکان، وەرگرتنی وەشانی نوێی فیرموێری و بەکارهێنانی وشەی نهێنیی بەهێز.

سەرچاوە: وێبسایتی تێکتارگێت

Dron
phone-handsetmap-markerchevron-downarrow-up linkedin facebook pinterest youtube rss twitter instagram facebook-blank rss-blank linkedin-blank pinterest youtube twitter instagram